ویکیپیدیا:وتاری ھەڵبژێردراوی ھەفتە
سەرەکی | وتارەکانی ھەفتانە |
وتاری هەڵبژێردراوی هەفتە هەموو هەفتەیەک، پوختەیەک لە یەکێک لە وتارە ھەڵبژێردراوەکانی ویکیپیدیا لە سەرەوەی لاپەڕەی دەستپێک وەک بابەتێکی دیاریکراوی هەفتە دەردەکەوێت. وتارە ھەڵبژێردراوەکان سەرەتا لە بەشی پاڵاوتن دەنگیان پێ دەدرێت؛ دەبێت سەرکەوتووانە پڕۆسەی پاڵاوتن تێپەڕێنن و شیاوی ئەوە بن لە پەڕەی دەستپێکدا دەربکەون. وتارەکان سەرەتا بە پێوەرەکانی وتاری ھەڵبژێردراو بەراورد دەکرێن. دەبێت وتارەکان لەسەر بنەماکانی دروستی، بێلایەنی، تەواوی و شێواز و پێوەرەکانی وتاری ھەڵبژێردراو نووسرابێتەوە. |
ھەڵبژێردراوەکان: ئامرازەکان:
لێکچووەکان: |
یارییەکانی ئۆڵۆمپیادی ھاوینە (بە فەڕەنسی: Jeux olympiques d'été؛ بە ئینگلیزی: Summer Olympic Games) ھەروەھا بە یارییەکانی ئۆڵۆمپیاد یاخود ئۆڵمپیک ناسراوە، پاڵەوانییەتییەکی گەورەی نێونەتەوەییی فرەوەرزشییە بە شێوەیەکی ئاسایی چوار ساڵ جارێک لە وڵاتێک بەڕێوە دەچێت. یەکەمجار لە ساڵی ١٨٩٦ لە شاری ئەتینای پایتەختی یۆنان بەڕێوە چوو و دوایین جاریش ئۆڵۆمپیادی ھاوینەی ٢٠٢٠ کە لە ساڵی ٢٠٢١ لە شاری تۆکیۆی پایتەختی ژاپۆن بەڕێوە چوو ئەمەش بەھۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆڕۆنا. لێژنەی ئۆڵۆمپیادی نێودەوڵەتی سەرپەرشت و ڕێکخەری ئامادەکارییەکانی شاری خانەخوێ دەکات. لە ھەر پێشبڕکێیەکی ئۆڵۆمپیاددا مەدالیای زێڕ بە پلەی یەکەم، مەدالیای زیو بە پلەی دووەم، ھەروەھا مەدالیای بڕۆنز بە پلەی سێیەم دەبەخشرێت؛ ئەم نەریتە لە ساڵی ١٩٠٤ دەستی پێکرد. یارییەکانی ئۆڵۆمپیادی زستانە بەھۆی سەرکەوتنی بەرچاوی ئۆڵۆمپیادی ھاوینە ڕێک خرا. ئەمەش وەک گەورەترین و بەناوبانگترین ڕووداوی نێونەتەوەییی فرەوەرزشی لە جیھاندا سەیر دەکرێت.
ئۆڵۆمپیاد لە پڕۆگرامێکی ٤٢ پێشبڕکێی، بەبەشداری کەمتر لە ٢٥٠ وەرزشوانی پیاو لە ١٤ وڵات لە ساڵی ١٨٩٦ بۆ ٣٠٦ پێشبڕکێ و ١١٬٢٣٨ وەرزشوان (٦٬١٧٩ پیاو، ٥٬٠٥٩ ژن) لە ٢٠٦ وڵات لە ساڵی ٢٠١٦ زیادی کردووە. ئەم پاڵەوانییەتییە وەرزشییە لەلایەن ١٩ وڵاتەوە لە پێنج کیشوەر میوانداری کراوە. چوار جار لە ئەمریکا (١٩٠٤، ١٩٣٢، ١٩٨٤، و ١٩٩٦)، سێ جار لە بەریتانیا (١٩٠٨، ١٩٤٨، و ٢٠١٢)، دوو جار لە یۆنان (١٩٨٦ و ٢٠٠٤)، فەرەنسا (١٩٠٠، ١٩٢٤)، ئەڵمانیا (١٩٣٦ و ١٩٧٢)، ئوسترالیا (١٩٥٦ و ٢٠٠٠) و ژاپۆن (١٩٦٤ و ٢٠٢٠)، یەکی یەکجاریش لە سوێد (١٩١٢)، بەلجیکا (١٩٢٠)، ھۆلەند (١٩٢٨)، فینلاند (١٩٥٢)، ئیتاڵیا (١٩٦٠)، مەکسیک (١٩٦٨)، کەنەدا (١٩٧٦)، یەکێتی سۆڤیەت (١٩٨٠)، کۆریای باشوور (١٩٨٨)، ئیسپانیا (١٩٩٢)، چین (٢٠٠٨) و بەرازیل (٢٠١٦).
لەندەن یەکەم شار بوو کە سێ جار میوانداری یارییەکانی ئۆڵۆمپیادی ھاوینەی کرد، پاریس ساڵی ٢٠٢٤ بۆ جاری سێیەم میوانداری یایییەکانی ئۆڵۆمپیادی ھاوینە دەکات بەمەش دەبێتە ھاوشانی لەندەن، لۆس ئانجلەسیش ساڵی ٢٠٢٨ میوانداری یارییەکانی ھاوینە دەکات بۆ پێنجەم جار لە مێژووی خۆیدا. تەنھا پێنج وڵات لە ھەموو یارییەکانی ئۆڵۆمپیادی ھاوینە بەشدارییان کردووە ئەوانیش ئوسترالیا، فەرەنسا، بەریتانیا، یۆنان و سویس. ھەروەھا بەریتانیا تاکە وڵاتە کە لە ھەر خولێکی ئۆڵۆمپیاد مەدالیایەکی زێڕی بەدەستھێناوە. ئەمریکا پێشەنگی ژماردنی مەدالیاکانی ئۆڵۆمپیادی ھاوینەیە، و لە ١٩ خولی یارییەکان پێشەنگی خشتەی مەدالیاکانی گرتووە، دوای ئەو یەکێتی سۆڤیەت (شەش جار)، و فەرەنسا، بەریتانیا، ئەڵمانیا، چین و تیمی یەکگرتوو ھەریەکەیان بۆ جارێک پێشەنگی مەدالیاکانی ئۆڵۆمپیادی ھاوینەیان گرتووە. بەگشتی زیاتر لە ٤٢ وەرزش لە یارییەکانی ئۆڵۆمپیاد ئەنجامدراون. بە پشت بەستن بە ناوبانگ و جەماوەری یارییەکان باشترین وەرزشوانانەکان لەلایەن وڵاتانەوە ھەڵدەبژێردرێن بۆ بەشداریکردن لەم پاڵەوانییەتە، لەگەڵ ئەوەش پێویستە وەرزشوانان بەشدارییان ھەبێت لە پاڵەوانییەتەی ناوخۆی و دەرەکییەکان و خاوەن دەستکەوت بێت.
خوێندنەوەی زیاتر...
وتاری ھەڵبژێردراو نایابترین وتارەکانی ویکیپیدیان کە بە شێوەیەکی پێشکەوتوو نووسراون، لەگەڵ ھەموو یاسا و سیاسەتەکانی ویکیپیدیای کوردی ناوەندیدا دەگونجێت و سەرچاوەی پوخت و باوەڕپێکراوی تێدایە و لە پاڵ ھەموو ئەمانەش دا ڕەچاوی ئەم چەند یاسایە دەکات:-
- وتاری ھەڵبژێردراو:
- ئ. بە باشی نووسراوە: بە شێوازێکی پێشکەوتوو نووسراوەتەوە و ڕەچاوی سیاسەتەکانی نووسینەوەی وتاری کردووە
- ب. پوختە: ھیچ ڕاستییەک و زانیارییەکی گرنگ پشتگوێ ناخات و لەسەر بابەتەکە دەمێنێتەوە
- ج. بە باشی بەدواداچوونی بۆ کراوە: ھەموو زانیارییە گەورەکانی وتارەکە سەرچاوەی باوەڕپێکراوی تێدایە بۆ پشتڕاستکردنەوەیان و بۆ نەھێشتنی دوودڵی، ھەر کاتێکیش پێویستی کرد تێبینی لەسەر زانیارییەکان نووسراوە
- د. بێ لایەنە: ڕووداوەکان بە بێ لایەنی باس دەکات و
- ھ. جێگیرە: گۆڕانکاری بەردەوامی تێدا ناکرێت بەھۆی شەڕە-دەستکاری بەردەوامەوە.
- لەسەر شێوازی فەرمی ویکیپیدیا نووسراوەتەوە:
- ئ. پێشەکی ھەیە: پێشەکییەکی پوختی ھەیە کە بابەتەکە کورت دەکاتەوە و خوێنەر ئامادە دەکات بۆ وردەکاری زیاتر لە بەشەکانی داھاتووی وتارەکەدا.
- ب. شێوازێکی دروستی ھەیە: ژێدەر لە سەرناوی بەشەکاندا بەکارنەھاتووە و سەرناوەکان دراماتیکی و زادەڕۆییان تێدا نەکراوە بۆ سەرنجڕاکێشانی خوێنەر.
- ج. پەڕاوێزەکانی دروستن: بە شێوەی ژێدەر سەرچاوەکان داندراون بە شێوەی <ref> وتارەکە یان دێڕەکان نەبڕدراون بۆ دانانی بەستەری دەرەکی بە شێوەیەکی نا ستاندارد.
- د. میدیای تێدایە: پەڕگە (وێنەیی و دەنگی) تێدا بەکارھاتووە لە شوێنە شیاوەکاندا بۆ ڕوونکردنەوە و باشتر گەیاندنی زانیارییەکان بە خوێنەر، وێنەکان و پەڕگە دەنگییەکان دەبێت پەیوەندییان ھەبێت بە وتارەکەوە
- درێژی: بە شێوەیەکی پوخت باسی بابەتەکە دەکات بەبێ دەرچوون لە بابەت بۆ دانی زانیاری نا پەیوەست بە خوێنەر یان بۆ درێژکردنەوەی وتارەکە
- ئ. وتارەکە کۆلکە نییە، و لە ڕاددە بەدەر کورت نییە، یان بە پێچەوانەوە.